ترەمپ ئیمزای لەسەر بڕیاری رێگریی لە ئێران بۆ بوون بە خاوەن چەكی ئەتۆمی كرد
٤ی شوباتی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ ئیمزای لەسەر بڕیاری رێگریی لە ئێران كرد بۆ ئەوەی ببێت بە خاوەن چەكی ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دوای ئیمزاكردنی بڕیارەكە رایگەیاند، تاران نزیكە لەوەی ببێت بە خاوەن چەكی ئەتۆمی، بۆیە لە رێگەی ئیمزاكردنی ئەو بڕیارەوە رێگریی لێدەكەن.
هاوكات ترەمپ سزای بەسەر كەرتی نەوتی ئێراندا سەپاند و رایگەیاند، بە مافی خۆیانی دەزانن رێگری لە فرۆشتنی نەوتی تاران بكەن.
ساڵی 2018 ئەمریكا لەسەر فەرمانی ترەمپ لە رێككەوتنی ئەتۆمیی كشایەوە و توندترین سزای دژی كەرتی نەوت و سەرچاوەكانی داهاتی ئێران سەپاند و هەناردەی نەوتی وڵاتەكەی لە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەمكردەوە و داهاتی ساڵانەی نەوتەكەشی لە 113 ملیارد دۆلارە بۆ 13 ملیار دۆلار دابەزاند.