سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی داوا دەكات بەپێی دەستوور موچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی موچەخۆرانی عیراق مافیان پارێزراوبێت و چیتر موچە و ژیانی خەڵكی كوردستان تێكەڵ بە ململانێی سیاسی نەكرێت.

هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغداد بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوەوە و لە راگەیەندراوێكیشدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، هیچ هەڵوێستێكی سیاسی لە پشت دۆسێی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە نییە و بابەتەكە تەنها هونەرییە و سیاسی نییە و دەتوانرێت لە رێگەی لێكتێگەیشتن و دانوستانەوە چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیش لە كۆبونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا رایگەیاند، پێویستە گفتوگۆی روون و جدی بكرێت لەسەر كێشەی موچەخۆرانی هەرێم و هۆكاری ئەو كێشەیە ئاشكرا بكرێت، چونكە نابێت چیتر موچە و ژیانی خەڵكی كوردستان تێكەڵ بە ململانێی سیاسی بكرێت و بە پێی دەستووریش دەبێت موچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی موچەخۆرانی عیراق مافیان پارێزراوبێت و لەیەك كاتدا موچە بە یەكسانی دابەش بكرێت و هاووڵاتییان بێبەش نەكرێن لە شایستەكانیان.

سەرۆك بافڵ راشیگەیاندووە، چیتر مایەی قبووڵ نییە بە پاساوی جیاجیا و سیاسییەوە موچە دوابخرێت و دەست بخرێتە قووتی خەڵكەوە و دەبێت ئەو كێشەیە بە تەواوی نەمێنێت و راستگۆبن لەگەڵ خەڵك.