پوتن دەڵێت، گفتوگۆ و دانووستانەكانی ریاز لەنێوان روسیا و ئەمریكا لە كەشێكی دۆستانەدا بەڕێوەچووە و ئامانج لێیان زیادكردنی متمانەیە لەنێوان هەردوو وڵات.
ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا رایگەیاند، هەنگاوی یەكەمیان ناوە بۆ كاركردن لەگەڵ ئەمریكا لەو پرسانەی جێی بایەخی هەردوولان، لەنێویاندا دوایین رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئۆكراین.
وتیشی، بەبێ بەرزكردنەوەی ئاستی متمانە لە نێوان روسیا و ئەمریكا، ناتوانرێت جەنگی ئۆكراین رابگیرێت.
دیمیتری بیسكۆڤ وتەبێژی كرملنیش رایگەیاند، گفتوگۆ و دانوستانەكانی ریاز هەنگاوی دەستپێك بوون، بۆ دەستبەركردنی ئاشتی و راگرتنی جەنگ لە ئۆكراین.
وتیشی، لەژێر رۆشنایی ئەنجامی گفتوگۆ و دانووستانەكانی سعودیە و لەپێناو جێبەجێكردنی رێوشوێنەكانی بوژانەوە، دیپلۆماتكارانی روسیا و ئەمریكا بەشێوەیەكی سەرەتایی دەستیان بەكارەكانیان كردووە.
رۆژی 18ی ئەم مانگە، هەردوو وەفدی ئەمریكا و روسیا بە سەرۆكایەتی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات بە نێوەندگیری سعودیە لە شاری ریاز كۆبوونەوە و لەسەر چەند خاڵێك گەیشتنە رێككەوتن، دیارترینیشیان، پێكهێنانی دوو لیژنە بۆ بەدواداچوون بۆ دۆسییەی جەنگی ئۆكراین.