وەزارەتی دارایی عیراق راگەیەندراوێكی لە بارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاوكردەوە
١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی دارایی عیراق دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی تەواوی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە رادەستكردنی داهاتی نانەوتی.
وەزارەتی دارایی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، بە تەواوی پابەندی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بووە و بە تەواوی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی ناردووە بە موچەی خانەنشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی و فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازیی، بەڵام حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە رادەستكردنی ئەو داهاتە نانەوتییانەی كە بەپێی تەرازووی پێداچوونەوە دیاریكراوەو ئەوەش پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە كە حكومەتی هەرێمی پابەند كردووە بە رادەستكردنی داهاتی نانەوتی.
راشیگەیاندوە، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی عیراق مانگانە موچەی فەرمانبەرانی ناردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە دابەشكردنی موچە لە وادەی خۆیدا، بۆیە وەزارەتی دارایی عیراق بەرپرسیار نییە لە دابەش نەكردنی موچە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە و هۆكاری دواكەوتنەكانی دابەشكردنی موچەش، بۆ پابەند نەبوونی حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ بە بانكیكردنی موچەی فەرمانبەران.