بڕیارە ئەم هەفتەیە وەزارەتی نەوتی عیراق نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش دەڵێت، ئەگەر ئەو نەوتە بگات دەست بە دابەشكردن دەكەن.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە رونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردوە، چاوەڕوان دەكرێت وەزارەتی نەوتی عیراق 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان دابین بكات و بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا ئەو نەوتە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت كە كەمترە لە پێویستییەكانی هەرێم و تائێستاش نزیكەی 19%ی پێداویستییەكان دابینكراوە.

راشیگەیاندووە، لە ئەگەری گەیشتنی ئەو نەوتەی عیراق، راستەوخۆ لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانەوە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت.