کێشەی هاتووچۆی بارهەڵگرەکانی مەرزی پەروێزخان بۆ پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەدین چارەسەرکرا، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەڵیت: لەمڕۆوە بارهەڵگرەکان دەتوانن لەڕێگەی کفریەوە بارەکانیان بۆ ئەو دوو پارێزگایە بگوازنەوە و بەپێچەوانەشەوە دەتوانن بگەڕێنەوە

سروە محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند: دوای ئەوەی بۆ ماوەی هەفتەیەک نزیکەی 400 بارهەڵگر رێگریان لێدەکرا بارەکانیان لەمەرزی پەروێزخانەوە بە رێگای کفریدا بگوازنەوە  بۆ کەرکوک و سەڵاحەدین، دوابەدوای بەدواچوونەکانمان و پەیوەندیکردن بە گومرگی سنوورەکان، توانیمان ئەو کێشەیە چارەسەربکەین ئێستا هاتووچۆکردن بەو رێگەیەدا ئاساییە.

سروە محەمەد وتیشی: لە ئەمڕۆوە ناوی شۆفێری بارهەڵگرەکان بۆ سەرجەم بازگەکانی ئەو سنوورە دەنێردرێت و بارهەڵگرەکان دەتوانن لەڕێگای کفریەوە بارەکانیان بۆ ئەو دوو پارێزگایە بگوازنەوە و بەپێچەوانەشەوە دەتوانن بگەڕێنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: بە کردنەوەی ئەو رێگایە شۆفێرەکان نزیکەی 200 کیلۆمەتر کەمتر دەبڕن و کاتێکی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە.

جێگەی ئاماژەبۆکردنەوە ماوەی هەفتەیەکە ئەم کێشەیە بەردەوامە و لەئەمرۆوە چارەسەرکرا، لەمەودواش شۆفێران دەتوانن ئەو ڕێگایە بەکاربهێنن.