سەرۆک بافڵ: بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک و وەڵامدانەوەی داواکارییە رەواکانیان بە ئەرکی خۆمان دەزانین
١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا ، دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان، عیراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بەردەوامیی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان سەرجەم لایەنەکان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە جەختیلێکرایەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە هەموولایەک کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاوەدانی لە ناوچەکە بکەن. دەبێت لە سوریای نوێدا مافی هەموولایەک بەتایبەت گەلی کورد پارێزراوبێت و هاوبەشێکی راستەقینەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا.
لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی نوێوە، سەرۆک بافڵ رایگەیاند، هەڵوێستی ئێمە لەبارەی حکومەتی نوێوە روونە و نامانەوێت جارێکیتر هەڵەکانی رابردوو دووبارەبکرێنەوە، دەبێت حکومەتی داهاتوو دادپەروەرانە و دوور لە هەموو بیرکردنەوەیەکی حزبی کار بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و خزمەتیان بکات. ئێمە ناکۆکی و لێکترازان بەهەمووشێوەیەک رەتدەکەینەوە و ئامانجمان ئاشتی و پێکەوەژیانە، بەڵام بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک و وەڵامدانەوەی داواکارییە رەواکانیان بە ئەرکی خۆمان دەزانین. بۆیە هیوادارین هەموولایەنەکانیتریش بەم نییەتەوە هەنگاوبنێن و پێکەوە هەرێمەکان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیری ئاڕاستە بکەین.
لەبارەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەوە سەرۆک بافڵ ئاماژەی بە پشتیوانی و هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و رایگەیاند، یەکخستنەوەی پێشمەرگە پرۆسەیەکی نیشتمانی و چارەنووسسازە، هیوادارین ئاستەنگە حزبییەکان نەبنە بەربەست لەبەردەم پرۆسەکە و هەموومان هێزێکی تۆکمە بۆ کوردستانەکەمان بونیادبنێین.