قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران بەشداری لە رێوڕەسمی پەرەپێدان بە دامەزراوە گەشتیارییەكان لە هەرێم دا کرد و دەڵێت، "پلانمان هەیە لە چوارچێوەی ستراتیژی پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاردا لە شوێنە گەشتیارییەكانی كوردستاندا بازاڕی گونجاویان بۆ دابین بكەین".

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران سەبارەت بە رێورەسمەکە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاند: خۆشحاڵ بووم لە بەشداریكردن لە رێوڕەسمی پەرەپێدانی دامەزراوە گەشتیارییەكان و سوپاسی دەستەی گەشتوگوزار و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و هەردوو رێكخراوی USAID و UNDP دەكەم كە لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا پەرەیان بە تواناكانی ١٧٠ كچ و گەنجی بەهرەمەندی دەستڕەنگینی ناوچە جیاوازەكانی كوردستانیان داوە و دەرفەتیان بۆ رەخساندوون لە رێگەی هونەرەكەیانەوە هەم سەرچاوەیەكی داهات بۆ خۆیان دابین بكەن و هەم بەشداربن لە پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاردا.

ئاماژەی بەوەشكرد: پیشەسازی دەستی تەعبیر لە كلتور و داب و نەریتی سەدان ساڵەی نەتەوەكەمان دەكات، بۆ ئەوەی ئەم هونەر و میراتە گرانبەها كلتورییە لە لەناوچوون بپارێزین، پلانمان هەیە لە چوارچێوەی ستراتیژی پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاردا لە شوێنە گەشتیارییەكانی كوردستاندا بازاڕی گونجاویان بۆ دابین بكەین تا هەر گەشتیارێك كە دێتە كوردستان بەرهەمێكی بەهەرەمەندە دەستڕەنگینەكانمان وەك یادگارییەكی بە نرخ و جوانی گەشتەكەی بۆ كوردستان لەگەڵ خۆی بباتەوە.

ئەمڕۆ رێورەسمی پەرەپێدان بە دامەزراوە گەشتیارییەکان لە هەرێمی کوردستان لەژێر چاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، تیایدا ١٧٠ ژن بەشدارییان کرد و چەندین بەرهەمی دەگمەن و ناوازەیان نمایش کرد، کە رەنگدانەوەی کەلەپوری کوردین.