لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا لە هەرێمی كوردستان خواست لەسەر كارەبا بۆ حەوت هەزار و 500 مێگاوات بەرزبووەتەوە.

وەزارەتی كارەبای هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا خواست لەسەر كارەبا بۆ حەوت هەزار و 500 مێگاوات بەرزبووەتەوە، لەكاتێكدا توانای بەرهەمهێنانی كارەبا تەنها سێ هەزار و 500 مێگاواتە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، قەیرانی دارایی و كێشە تەكنیكییەكانی گواستنەوەی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و هێرشە تیرۆریستییەكانی سەر كێڵگەكانی غاز، كاریگەریی نەرێنیان لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا دروستكردووە.

وەزارەتی كارەبا راشیگەیاند، لە چەند ساڵی رابردوودا توانراوە هەزار و 500 مێگاوات بۆ كارەبای نیشتمانی زیاد بكرێت، ساڵی رابردووش تێكڕای كاتی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان، 12 سەعات و 44 خولەک بووە.