دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان داوای هاوكاری لەوڵاتان دەكات بۆ دەستگیركردنی ناتانیاهۆ
لاوان
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٣
دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان داوا لە وڵاتانی ئەندامی لەدادگاكە دەكات، هاوكاریان بن لە دەستگیركردنی ناتانیاهۆ و گالانت و دەشڵێت، هەر كام لەو وڵاتانە هاوكاریان نەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكەن.
فادی عەبدوڵا، وتەبێژی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، داوایان لە وڵاتانی ئەندامی پەیڕەوی ناوخۆی رۆما كردووە، پابەندی بڕیارەكانی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان بن لەبارەی دەستگیركردنی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و یواف غالانت وەزیری بەرگری پێشووی ئەو وڵاتە.
ئەوەشی خستەڕوو، هەر وڵاتێكی ئەندام پابەندی بڕیارەكانی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان نەبێت، پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی كردووە و بە كۆی دەنگی وڵاتانی ئەندام رێوشوێنی پێویستی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.
دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان دەشڵێت، دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن بۆ ناتانیاهۆ و گالانت تەنها سەرەتایە لە دۆسییەی ئیسرائیل و غەززەدا.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان بە تۆمەتی "تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە غەززە" فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ناتانیاهۆ و گالانت دەركرد.