گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران ژمارەیەك بارەگای نوێیان لە سنوری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا دروستكردووە.


ئاژانسی نۆرس پرێس بڵاویكردەوە، گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران چوار بارەگای نوێیان لە دەوروبەری پارێزگای دێرەزوور دروستكردووە، كە سەرجەمیان دەكەونە سەر رووباری فورات و لە گوندی دوێڕە و مەیادیین و سەبیخان و قوریە.


هاوكات، سەرچاوەیەك لە سوپای پاسداران دەڵێت، گروپی چەكداری لیوای باقڕ، دوو بارەگای نوێیان لە شارۆچكەی عەشاڕەی رۆژهەڵاتی دێرەزوور دامەزراندووە، هەروەها گروپی چەكداری "لیوای فاتمیون"ـی بارەگایان لە بیابانی مەیادین دامەزراندووە.


دەشڵێت، لەئێستادا سەرقاڵی یەكخستنەوەی هێزەكانیانن لە دێرەزوور، دوای ئەوەی بەهۆی بۆردومانەكانی ئەم دواییانەی ئیسرائیلەوە بۆ سەر دێرەزوور لە ناوچەكە لاوازبوون.


لە چەند مانگی رابردوودا، بەهۆی چڕبوونەوەی شەڕی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل، گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران بەشێكی زۆری بارەگانیان چۆڵكرد و بەشێكیشیان كشانەوە سەر سنووری نێوان سوریا و لوبنان بۆ پشتیوانیكردنی حزبوڵا دژی ئیسرائیل.