فراكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرۆكی دادگای فیدراڵی بۆ تاوتوێكردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆبوونەوە و بریاردرا هەفتەی داهاتوو هەرێم و عێراق و دادگای فیدراڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەكە كۆبنەوە.


هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، وەكو سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدراڵی تایبەت بە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆبوونەوەتەوە.


ئەوەشی خستەڕو، لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەیان بەوەكردووە، وەزیری دارایی فیدراڵ پابەندی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی نابێت تایبەت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ناردنی موچەی پەیوەستكردووە، بە رادەستكردنی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێم و ململانێ سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، لە بەرامبەریشدا سەرۆكی دادگای فیدراڵی جەختیلەوەكردووەتەوە، كە پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تێكەڵی هیچ بابەتێكی دیكە نەكرێت و لەكاتی خۆیدا بنێردرێت.


هەرێم كەمال ئاغا وتیشی، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە هەفتەی داهاتوو بە سەرپەرشتی سەرۆكی دادگای فیدراڵی لەسەر ئاستی باڵا كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ ئەنجامبدرێت و تێیدا كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە.


هاوكات، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كە یەكێك لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە وتی، سەرۆكی دادگای فیدراڵی جەختیلەوەكردووەتەوە، كە ناوەڕۆكی بڕیارەكانیان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەیەكە، نابێت لە ژێر هیچ پاساوێكدا دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببرێت.