یەكێتی ئەوروپا دەڵێت لوبنان لە كەناری داڕوخان و هەرەسهێنانی یەكجاریدایە و پێویستە بە زووترین كات هێرشەكانی ئێسرائیل بۆسەر ئەو وڵاتە رابگیرێت.


جۆزێپ بۆرێل لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە سەردانێكدا بۆ بەیروت لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەڕ و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەهەندێكی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و نابێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەستوەستان بێت و بە بێدەنگی بمێنێتەوە، چونكە تێكچوون و ناسەقامگیری ئاسایش و ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باجەكەی بۆ هەموو جیهان زۆر قورس دەبێت.


وتیشی، هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان تیمە تەندروستییەكان و نەخۆشخانە و خوێندنگەكانی كردووەتەوە ئامانج و لە ئێستاشدا لوبنان لە كەناری داڕوخان و هەرەسهێنانی یەكجاریدایە و پێویستە بە زووترین كات هێرشەكانی ئێسرائیل بۆسەر ئەو وڵاتە رابگیرێت و بۆئەو مەبەستەش یەكێتی ئەوروپا پشتیوانی ئەمریكا و فەڕەنسا دەكات.