لە ساڵی داهاتوودا سێ‌ فڕۆكەخانەی نوێ‌ لە عیراق دەكرێنەوە، وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت كردنەوەی فڕۆكەخانەكان كاریگەری گەورەیان لەسەر گەشەسەندنی ئابووری دەبێت.


مەیسەم سافی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاند، حكومەتی ئێستا پلان و بەرنامەی ستراتیژی هەیە تایبەت بە بواری گواستنەوە بەتایبەتیش رێگەی گەشەپێدان كە لەناو ١١ پارێزگای عیراقدا تێدەپەڕێت و سێ‌ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ رێگەی گەشەپێداندا دەبێت كە بریتین لە فڕۆكەخانەكانی بەغداد و بەسرە و نەجەف.


وتیشی، لە ئێستادا كاركردن لە فڕۆكەخانەی ناسریە گەیشتووەتە ٧١% و فڕۆكەخانەی نەینەوا گەیشتووەتە ٨٦% و كارەكانی فڕۆكەخانەی كەربەلاش بەرەو كۆتایی دەچێت و بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا هەرسێ‌ فڕۆكەخانەكە بكرێنەوە كە كاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر زیاتر گەشەپێدان و بەهێزبوونی كەرتی ئابووری عیراق.