وەزارەتی تەندروستی هەرێم چەند بڕیارێك بۆ رۆژانی پشووی سەرژمێری دەردەکات
١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٨٧
وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە هاووڵاتیان لە رۆژانی پشووی سەرژمێریدا چەند بڕیارێكی دەركرد.
بەپێی بڕیارەكانی وەزارەتی تەندروستی پزیشكانی پسپۆڕ، نیشتەجێی دێرین، خولاو، پەرستار و كارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشكگری پابەنددەبن و هەروەها ئامادەباشی بۆ ئەمبوڵانس و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پڕۆژەكانی خاوێنكردنەوە و دابینكردنی خۆراك دەكرێت.
هەر بەپێی بڕیارەكان، نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن و نۆرینگە دەرەكییەكان كراوەبن و سەنتەرەكانی پێدانی چارەسەری کیمیایی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشكگری كراوەبێت.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشداوە، تیمەكانی فریاگوزاری و هێڵی ١٢٢ بەردەوام دەبن لە ئەرك و كارەكانیان بە شێوەی ٢٤ سەعاتی و هۆبەی پزیشكی فریاكەوتن خشتەی دابینكردنی تیمەكانی دادەنێت بۆ شوێنە پێویستەكان.