ئەنجومەنی پشتیوانی یەکیتی نیشتمانی کوردستان بۆ رۆژی شەھیدانی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەڵێنی وەفا بۆ شەھیدانمان دووپاتدەکەینەوە کە پارێزەری دەستکەوتەکانیان بین و بەردەوامبین تێبکۆشین بۆ بەدەستھێنانی ئەو ئامانجە رەوایانەی گەلەکەمان کە بەدەست نەھاتوون.

دەقی پەیامەکەی ئەنجومەنی پشتیوانی یەکیتی:

لە رۆژ شەھیدانی یەکیتی رۆژێک نییە بیرەوەری و داستانێکی نەبەردی و قارەمانێتی شەھیدانی یەکێتیی  نیشتمانیی کوردستانی تێدا نەبێت، 
لە رۆژی ٢١-١١ کە وەکو رۆژی شەھیدانی یەکێتی و رۆژی وەفاداری و پەیمان نوێکردنەوەیە بۆ رێبازی پیرۆزی شەھیدان دیاریکراوە،
شەھیدانمان بە ئومێدەوە بەرەو پیری پەتی سێدارە و مەرگ دەچوون لە پێناو ئامانجێکی پیرۆزی کوردایەتی و ئازادی نیشتمان، ئێمەش بەڵێنی وەفا بۆ شەھیدانمان دووپاتدەکەینەوە کە پارێزەری دەستکەوتەکانیان بین و بەردەوامبین تێبکۆشین بۆ بەدەستھێنانی ئەو ئامانجە رەوایانەی گەلەکەمان کە بەدەست نەھاتوون.

لە شۆرشی نوێی گەلەکەمان بەسەرۆکایەتی رابەر و سەرکردەمان ڕەوانشاد مام جەلال دژ بە رژێمی بەعسی فاشست پێشمەرگە شەھیدەکانی یەکێتی بوون بەخوێنی خۆیان ئازادی سەرتاسەریان بەرھەمھێناو و لە شەوی نائومێدی دا چرای ئومێدیان بەخوێنی خۆیان ھەڵکرد و  بەعسیان شکاند، ژوورەکانی سێدارە گەواھیدەری قارەمانێتی و بڕوابەخۆبوون و گیانفیدای یەکێتییەکان دەسەلمێنێت.

لەم رۆژە پیرۆزەشدا بەڵێنی بەردەوامیدان بە کاروانی پڕ لە قوربانیدان دووپاتدەکەینەوە و سەری رێز و نەوازش دادەنوێینین لەئاست قارەمانی و خۆراگری شەھیدان و وەفاداری و خزمەتکردن بۆ کەسوکار و بنەماڵەی شەھیدان دووپاتدەکەینەوە.

بەرز و شکۆدار بێت ٢١-١١ رۆژی شەھیدی یەکێتی
ئەنجومەنی پشتیوانی  (ی.ن.ک)