قۆناغی دووەمی سەرژمێری دەستپێدەكات و قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت
هادی
١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٢٤
ئەمڕۆ قۆناغی یەكەمی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عیراق و هەرێمی كوردستان كۆتایی دێت و سبەینێ قۆناغی دووەم دەستپێدەكات و قەدەغەی هاتووچۆ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
قۆناغی یەكەمی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە رۆژی ١٦ی ئەم مانگە دەستپێكردووە و تا سەعات ١٢ی شەوی ئەمشەو بەردەوام دەبێت، بۆ ئەو قۆناغەشە پێویستە لە هەر ماڵێك كەسێك یان زیاتر ئامادە بێت و بەڵگەكان بدات بە بژمێرەكان، لەدوای وەرگرتنی بەڵگەنامە، بژمێرەكان ناو و رۆژ و ساڵی لەدایكبوونی ئەندامانی خێزانەكە تۆماردەكات، وەك ئامادەكارییەك بۆ رۆژانی ٢٠ و ٢١ی مانگ.
هاوكات لەدوای كۆتاییهاتنی قۆناغی یەكەم، سبەینێ قۆناغی دووەمی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عیراق و هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و ماوەی دوو رۆژ بەردەوامدەبێت، لەو دوو رۆژەدا قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری دەبێت و پێویستە هاووڵاتییان لە ماڵەكانیان بمێننەوە و بەڵگەنامە رەسمییەكانیان بدەن بە تیمی سەرژمێری و وەڵامی پرسیارەكان بە دروستی بدەنەوە.