لە رۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە، كە بەهۆی سەرژمێرییەوە قەدەغەی هاتووچۆ رادەگەیەندرێت، بەڵام جوڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە هەردوو دەروازەی  پەروێزخان و باشماخ ئاسایی دەبێت.


راگەیاندن و پەیوەندییەكانی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئاگاداری هاووڵاتیان دەكات ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، جوڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەكەوە ئاسایی دەبێت و سەرجەم بنكەكانی ناو دەروازەكە لە ئەركدا دەبن بۆ راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان. 


هاوكات بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاندووە، لە رۆژانی ٢٠ و ٢١ و ڕۆژانی دوایی، هاتووچۆ لە دەروازەكە ئاسایی دەبێت و سەرجەم فەرمانگەكان لە ئەركدا دەبن بۆ خزمەتی هاووڵاتیان.


بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، لە سەعات ١٢ی شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ تا سەعات ١٢ی شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ی تشرینی دووەم قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەندرێت و هاتنە دەرەوە و هاتوچۆی ناوشارەكان و نێوان شارەكان سنوردار دەبێت و تەنها فڕۆكەخانە و دەروازە نێودەوڵەتییەكان كراوە دەبن.