كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان سەرجەم تانەكانی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رەتكردەوە و چاوەڕواندەكرێت هەفتەی داهاتوو ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند بكرێت.


جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی  باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان سەرجەم ئەو تانانەی رەتكردووەتەوە كە سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاراستەی كۆمسیۆن كرابوون.


پێشتر سەرچاوەیەك لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە كوردسات نیوزی راگەیاندبوو، وەڵامی سەرجەم تانەكان لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە رەوانەی كۆمیسیۆن كراونەتەوە، دوای تەواكردنی رێوشوێنەكان و بەراوردكردنی لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردن، هەفتەی داهاتوو ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند دەكرێت و رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكرێت، بۆ ئەوەی رۆژی كۆبوونەوەی پەرلەمان دەستنیشانبكرێت.


بەپێی ماددەی ٣ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، لە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن و لە ماوەی ١٠ رۆژدا لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی هەرێم یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت.


هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، ٢٤ سەعات دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەنجامی بەراییەكان راگەیەنرا، هەروەها لە ٣٠ی تشرینی یەكەم ئەنجامی كۆتایی راگەیەنرا. دواتر ٤١ تانە لە سەرجەم بازنەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن تۆماركرا، كە ٢٥ تانەی لە سلێمانی و ١٢ لە هەولێر و ٣ لە دهۆك و تانەیەكیش لە هەڵەبجە تۆماركران.