یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووەمین دیداری خۆی ئەنجامدەدات
١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٤٢
لیژنەی باڵای دیداری یەکێتی بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری لیژنەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە دەباشان کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی پەسندکراوی کۆنگرەی پێنجەم و راسپاردەی دواکۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ئەنجامدرا.
هاوکات ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە باسکردن بوو لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی دووەمین دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتی وەک حزبێکی چالاک و خاوەن پێگەیەکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، هەموو کات ئامادەکاری دەکات بۆ قۆناغ و ئەگەرە جیاوازەکان، ئێستاس لەپاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە ئەگەر و گۆڕانکاریی بەڕێوەیە وەک نەریتێکی یەکیەتییانە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی دیدارەکە دەکەن.
دیداری ئەمجارەی یەکێتی لەسەر بنەمای سیاسەتەکانی یەکێتی لەبوارە جیاجیاکاندا، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەموو چین و توێژەکان ئامادەکاری بۆ قۆناغی داهاتوو دەکات، لەپێناو باشتر خۆڕێکخستنەوە و خۆگونجاندنی زیاتر لەگەڵ پێویستییەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.