دژی دانانی قەیوم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لە باكووری كوردستان بەردەوامە و هاوسەرۆكی دەمپارتیش دەڵێت، ئەگەر دەسەڵات راستگۆیە بۆ پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیا با دەرگای زیندانی ئیمراڵی بكاتەوە.

تولای حاتەم ئۆغۆلاری هاوسەرۆكی گشتی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان "دەم پارتی" لە گردبوونەوەی و ناڕەزایەتیی دیموكراسی و ئازادی لە ئێلح رایگەیاند، ئەگەر دەسەڵات لە توركیا پێداگرە لەسەر پڕۆسەی چارەسەریی پێویستە دەرگای ئیمرالی بكاتەوە بۆ ئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان پەیامی ئاشتیی رابگەیەنێت.

وتیشی، كورد ٤٠ ساڵە بۆ ئاشتی و برایەتی و دیموكراسی تێدەكۆشێت، لە بەرامبەردا دەسەڵات لە توركیا ویستی كورد سەركوت بكات بەڵام لەوەشدا سەركەوتو نەبوون.

هاوسەرۆكی دەمپارتی باسی لەوەشكرد، بە دانانی قەیوم لە باكووری كوردستان و توركیا دەستبەسەر مافی دەنگدان و هەڵبژاردنەكاندا گیراوە، ئەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ دروستبوونی فاشییم بۆیە پێویستە ناڕەزایەتییەكان دژی قەیوم و فاشیزم بەردەوام بێت.