شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچەی دووزخورماتوو لە کاتی کێوماڵکردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستاندا، بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی فەوجی ٣ی لیوای ١ی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سووپای عیراقدا تەقییەوە. کە بەداخەوە عقید روکن سامان سابر سلێمان، فەرماندەیی فەوجی سێ و عقید ئەندازیار محمد رەزا کریم ئەفسەری ئەندازەی فیرقەی ٩ی سووپای عێراق و ن.ڤ شریف احمد محمد، لەو رووداوە تیرۆریستیەدا شەهیدبوون.

وتیشی، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی سەربەرزیان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانیان دەکەین. لە پەروەردگاری میهرەبان داواکارین، گیانیان بە میهرەبانی و بەزەیی خۆیی شادبکات و سەبووری و دڵئارامیش ببەخشێت بە خانەوادە و هاوسەنگەران و ئێمە و هەموو کوردستانیان. هەروەها هیوایی زوو چاکبوونەوە و تەندروست باشی بۆ بریندارانیش دەخوازین.

 

راشیگەیاند، ‎ خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەنەوە هێزی پێشمه‌رگه له‌ئاماده‌باشی تەواودایە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان و لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستان.


ئاماژەی بەوەشکرد، جمجوڵ و مەترسییەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش و تاریکپەرستان هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنین لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سووپای عیراقدا.

 

وتیشی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان گیانفیدایانە ساز و ئامادەیە بۆ تێکشکاندنی تیرۆریستان و، لە کێوماڵکردنی ئەو ناوچانە بە هاوکاری سووپای عیراق بەردەوام دەبێت.