عیماد ئەحمەد: سەرژمێری پەیوەست نییە بە هیچ حزب و لایەنێکەوە بەڵکو بابەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە
١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٨٥
عیماد ئەحمەد رایگەیاند، پرسی سەرژمێری پەیوەست نییە بە هیج حزب و لایەنێکەوە بەڵکو بۆ ئێمەی کورد بابەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی و شەڕی دیموکراسیانەمانە لە پێناو پاراستنی خاک و زمانەکەمان.
عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هوشیاری لەبارەی گرنگی پرۆسەی سەرژمێری و بەشداری کورد و کاریگەریی لەسەر داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە عیراق رایگەیاند، پرۆسەی سەرژمێری گشتی بۆ عیراق گرنگە بە تایبەت لەم قۆناغەدا بۆ کورد چارەنووسسازە بۆیە ئەرکی هەمووانە بە گڕوتینی کوردانەمانەوە بەشداری بکەین و سەریبخەین تا بتوانین پێگەی کورد بەهێزتر بکەین و هاوسەنگی هێز لە عیراق بە شێوەیەک رێکبخەینەوە کە لەبەرژەوەندی هەرێمەکەمان و پاراستنی مافەکانماندا بێت.
عیماد ئەحمەد راشیگەیاند، ئەم پرسە لە ناوچە دابڕێندراوەکانمان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ کورد زۆر گرنگترە چونکە پەیوەستە بە پرسی کورد و خاک و نەتەوەوە بۆیە لەپێناو ئایندەی کوردبوونمان لەو سنورانە ئەرکمانە پەرۆشانە بەشداری تێدابکەین و سەنگی کورد بە سەربەرزییەوە دەربخەین چونکە ئەم هەنگاوە پشتیوانێکی باش دەبێت بۆ پاراستنی ناسنامەکانمان و کوردستانی بوونمان و رێگرکردن لەو بیرە شۆڤێنییانەی مەرامیانە ئارامی و پێکەوەژیان بخەنە مەترسییەوە لەورووە داوای لەهەموو ئەو کەسانەش کرد کە نیشتەجێی پارێزگاکانی هەرێمن و خەڵکی ناوچە دابڕێندراوەکانن ئەم چەند رۆژە بگەڕێنەوە خاکی باوباپیرانیان و بەشداری سەرژمێری بکەن و بوونی خۆیان بسەلمێن لەپێناو پارێزگاریکردن لە کوردستانی بوونی ناوچەکانمان و بەهێزترکردنی پێگەی کورد چونکە دڵنیاین تا دەنگی کورد دلێر تر و بەهێزتربێت ئارامی و ئاسایش زیاتر لەو سنورانە پارێزراوتردەبێت و ئەو کەلتووری برایەتی و پێکەوەژیانەشی کەلەنێوان هەموو نەتەوەو پێکهاتەکاندا هەیە پارێزراوتر دەبێت.
روونشیکردەوە پرسی سەرژمێری پەیوەست نییە بە هیج حزب و لایەنێکەوە بەڵکو بۆ ئێمەکورد بابەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی و شەڕی دیموکراسیانەمانە لە پێناو پاراستنی خاک و زمانەکەمان بۆیە داوا دەکەین لە هەموو لایەنە کوردستانییەکان بە یەکگرتووی کاربکەن بۆ سەرخستنی ئەم پرسە بە ویستی گەلەکەمان.