دەقی پەیامەکە... 

٣٦ ساڵە پێش ئێستا رژێمی رەفتار فاشی بەعس شاری ھەڵەبجەی بە چەکی کیمیاوی بۆردومان کرد و پێنج ھەزار ھاووڵاتی و دەیان ھەزار کەسی بریندار و ئاوارە و بێ ماڵوحاڵ کرد.

خەڵکی جینوسایدکراوی پارێزگای ھەڵەبجە و خاکی بەسوتماکراوی پایتەختی شارەزوور، لەم کارەساتەوە بوون بە ناونیشانی مەزڵومیەتی گەلی کوردستان و کێشە رەواکەی لە سەرتاسەری دونیادا.

بیرەوەری ٣٦ ساڵەی کارەساتی ھەڵەبجە بیرەوەرییەکی خەمناک و پەژارەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییە کە ھەرگیز لە ھزر و ئەندێشەی  گەلەکەمان و بزوتنەوەی کوردایەتی و مرۆڤایەتی بە ویژدان دەرناچێت و ھەمیشە زامێکی سارێژ نەبووە تا ئەو رۆژەی ھەڵەبجە و  ھەموو کوردستان دەگەنە دوا قۆناغی رزگاری و ئارامی و ئاوەدانی و قەرەبووی لانی کەمی زوڵم و ستەمی رژێمەکەی سەددام وەردەگیرێتەوە کە یەکەم حکومەت بوو کیمیاوی بەرامبەر بەشێکی گەلەکەی و ھاوڵاتیانی چوارچێوەی وڵاتەکەی بە کار بێنێت..

ھەڵەبجەی ئەمرۆ پێویستی زیاتر و زیاتری بە ئاوەدانی و بوژانەوە و ژینگەیەکی پاک و تەندروست بۆ ژیان ھەیە، ئومێدی خەڵکەکەی ئەوەیە دوای بوونی بە پارێزگایەکی خنجیلانەی ھەرێم، لە ئاستی عێراقیشدا رێکارە یاسایی و ئیدارییەکانی بوونی بە پارێزگای نۆزدەمینی وڵات تەواو ببێت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەم ئەرک و شانازییە نیشتمانی و مرۆییە بە زوویی راپەرێنێ . 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک چۆن لە دەیەکانی رابردوودا درێغی لە خزمەتکردنی کەیسی ئیداری و ئاوەدانی و بوژانەوەی ھەڵەبجە، ناساندنی وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی جینوساید و ھاندانی بەرپرسیارێتیی مۆراڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەم تاوانە گەورەیە نەکردووە، لەمەودواش بە گوڕوتینێکی زیاتر لەم ئەرکە پیرۆزە بەردەوام دەبێت و لە ئاستی ھەموو نوێنەرایەتییەکانی لە پەرلەمان و حکومەت، لە ئاستی ھەرێم و حکومەتی فیدرالیدا تێکۆشانی ھەمەلایەن و دەستە جەمعی و بەکردەوەی بۆ دووپات دەکاتەوە. 

نەمری بۆ شەھیدانی ھەڵەبجە و قوربانیانی جینۆسایدی گەلەکەمان لەسەرتاسەری کوردستاندا.
تا سارێژبوونی دوا زامەکانی ھەمیشە دەڵێین:

(ھەڵەبجە.. برینمانی ، لە بیرمانی)

مەکتەبی سیاسیی

 یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

١٦-٣-٢٠٢٤