لەم هەفتەیەدا لە رۆژهەڵاتی كوردستان نۆ كۆڵبەر كوژراون و برینداربوون
کوردسات نیوز
١٤ی ئازاری ٢٠٢٤
١٧٨
رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویكردەوە، سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، هێزە چەكدارەكانی ئێران لە سنووری نەوسوودی رۆژهەڵاتی كوردستان دەسترێژی گوللەیان لە دوو كاروانی كۆڵبەران كردووە و بەهۆیەوە سێ كۆڵبەری خەڵكی جوانڕۆ و شاهرۆخ وەلیانە و شاری داڵاهۆ برینداربوون.
ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی چوارشەممەش، هێزە چەكدارەكانی ئێران لە بانە دەسترێژی گوللەیان لە كۆڵبەرێكی تەمەن 20 ساڵی خەڵكی گوندی چۆمان كردووە و برینداریانكردووە، كە هیچ كەلوپەلێكی كۆڵبەری پێنەبووە، هەروەها هەر لەم هەفتەیەدا، لە سنووری شارەكانی سنە و داڵاهۆ و مەریوان، لەلایەن هێزە چەكدارەكانی ئێرانەوە بە ئەشكەنجە و دەسترێژی گوللە سێ كۆڵبەری دیكە برینداركراون.
رێكخراوی هەنگاو راشیگەیاندووە، سەرەتای ئەم هەفتەیە، لە ئەنجامی دەسترێژی گوللەی هێزە چەكدارەكانی ئێران لە مەریوان، بۆ سەر ئۆتۆمبێلێكی كۆڵبەران، دوو كۆلبەر گیانی لەدەستداوە و كۆڵبەرێكی دیكەش برینداربوون.