پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت بڕیار دەدات ئاوارەکان وەک خەڵکی رەسەنی شارەکە ھەژمار بکرێن
کوردسات نیوز
١٠ی ئازاری ٢٠٢٤
٢٢٨
راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت نووسراوێکی ئاراستەی قایمقامیەت و پۆلیس و لقی کەرکوکی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و رێکخراوە بیانی و ناوخۆییەکانی کردووە کە لە کەرکوک کار دەکەن، ئاماژەی بەوە کردووە، لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران و بەرنامەی حکومەت بۆ داخستنی دۆسێی ئاوارەکان لە عێراق و ئاماژە بە کۆبوونەوەی ٥ی ئەم مانگەی دیوانی پارێزگای کەرکوک بۆ گفتوگۆ لەبارەی پلانی نیشتیمانی تایبەت بە داخستنی دۆسێی ئاوارەکان، بڕیاریانداوە لە ئێستا بەدواوە ئاوارەکانی ناو سەنتەری شار و قەزا و ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری، وەک خەڵکی رەسەنی کەرکوک ھەژمار بکرێن.
راشیگەیاندووە، ئەو ئاوارانە ھەموو بەڵگەنامەیەکی رەسمییان لە فەرمانگە رەسمییەکانی کەرکوک بۆ دەرکراوە و لەئێستا بە دواوە وەک ئاوارە مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت.