کۆسرەت رەسول عەلی لە ساڵیادی راپەڕیندا پەیامێک بڵاودەکاتەوە
کوردسات نیوز
٥ی ئازاری ٢٠٢٤
٤٣٥
(٣٣)ھەمین ساڵیادی راپەڕینی خەڵکی کوردستان لە پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان، رێکخستنە نھێنییەکانی ناوشار، شانە چەکدارەکان و تەواوی خەڵکی کوردستان پیرۆز دەکەم، ئومێد دەکەم ئەم یادە ھەوێنی تەبایی و یەکڕیزی نێوان سەرجەم ھێزو لایەنە سیاسییەکان بێت.
٣٣ ساڵ لەمەوبەر، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەھاوکاری رێکخستنەکانی ناو شارو شانە چەکدارەکان و بە بەشداری راستەوخۆی جەماوەری راپەڕیو توانی بەرەنگاری دڕندەترین رژێم بێتەوە و لە کوردستان وەدەری بنێت و خاکی پیرۆزی کوردستان لە خانەقین تا زاخۆ رزگار بکات.
ئەمڕۆ کە یادی ئەم رۆژە مێژووییە دەکەینەوەو کوردستان بە دۆخێکی یەکجار ھەستیارو مەترسیدار تێپەڕ دەبێت، پێویستمانە بە ھەمان رۆحیەتی رۆژانی راپەڕین دەست لەناو دەست بەتەبایی و یەکڕیزی لەپێناو یەکگرتوویی و کوردو ئامانجە وەدینەھاتووەکانمان خەبات بکەین و داکۆکی لە گەلی خۆمان بکەین، ئاواتەخوازم ھێزو لایەنە سیاسییەکان ململانێکانیان وەلا بنێن و خەبات بکەن بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان، ئەوەی ھەمانە بەری رەنج و قوربانیدانی ھەزاران شەھیدو تێکۆشەرە، پاراستنی واجبێکی پیرۆزە.
دووبارە ساڵیادی راپەڕین لە ھەموو گەلی کوردستان پیرۆز دەکەم و سەری رێزو نەوازش بۆ شەھیدان دادەنوێنین.
کۆسرەت رەسول عەلی