فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لەسەر بوونی کێشە لە گەشتێکی ئاسمانی روونکردنەوە دەدات
کوردسات نیوز
٢٧ی شوباتی ٢٠٢٤
٩٨٦
بەڕێوبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بەھۆی دروستبوونی کێشە بۆ فڕۆکەیەکی ھێلی ئاسمانی تورکیا لە کاتی نیشتنەوەیدا، سەرەنجام فڕۆکەکە گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا.
راشیگەیاندووە، لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، سێ ڕێگای جیاواز و ھەماھەنگ و کارا و بەردەستە بۆ نیشتنەوەی ھەر فڕۆکەیەک، کە بریتین لە، سیستەمی"ئای ئێڵ ئێس"و"جی پی ئێس"و"ڤیشوەڵ"، بەپێی ڕێسا و میکانیزمی گەشتەکانی ھێلی ئاسمانی، پێویستە ھەردوو سیستەمی"ئای ئێڵ ئێس"و"جی پی ئێس"بەردەست و کارا بن لە کاتی نیشتنەوەی فڕۆکەکانیان.
لە بەشێکی تری رونکردنەوەکەدا ھاتووە، لەکاتی ھاتنی ئەو فڕۆکەیە ھەردوو سیستەمەکە بەردەست بووە، بەڵام کێشە لە سیگناڵی سیستەمی"جی پی ئێس"ی فڕۆکەکە ھەبووە، بۆیە گەڕاوەتەوە تورکیا، دوای چەند سەعاتێک کێشەکە چارەسەرکرا، دوبارە گەڕایەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و بەبێ ھەبوونی کێشە لە نیشتنەوەی دا گەشتەکە ئەنجامدرا.