بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم، بڵند محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لەگەڵ عەلی عەلاق  پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کۆبووەتەوە بە مەبەستی گفتوگۆ لەبارەی گرفتی کۆمپانیاکانی ئالوگۆڕی دراو و لەسەر سێ خاڵ رێککەوتوون و یەکەمیان بریتییە لەوەی کە تا ٣١/٣ی داھاتوو کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ھەرێمی کوردستان مافیان دەبێت رێکارەکانی (یەکگرتنەوە) تەواوبکەن و سەرجەم مەرجەکانی بانکی ناوەندی جێبەجێبکەن، بەپێچەوانەشەوە لەدوای ئەو وادەیە مافی وەرگرتنی مۆڵەتیان نامینێت و لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ مۆلەتی پلە ئەلیف و با.

خاڵی دووەمی رێککەوتنەکەش ئەوەیە کە لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان مەرجی دانانی سەرمایەی دوو ملیار و ٥٠٠ ھەزار دینار ھەڵگیرا کە پێشتر وەک مەرجەکانی وەرگرتنی مۆڵەت دەبوایە کۆمپانیاکان ئەو بڕە پارەیە لە بانکی ناوەندی عێراق دابنێن، لە خاڵی سێیەمیشدا ھاتووە، ئەو کۆمپانیایانەی تەواوی مەرجەکانی بانکی ناوەندییان تەواوکردووە لەچەند ھەفتەی داھاتوودا مۆڵەتی بانکی ناوەندییان پێدەدرێت.