لە سەرەتای سەردانەکەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم سەردانی مۆنۆمێنتی ھەڵەبجەی کرد و تاجە گوڵینەی لە بەردەم سیمولی شەھیداندا دانا و پاشان لە یاداشتی مۆنۆمێنتەکەدا وتەیەکی نووسی و ئاماژەی بەوەدا، خزمەتکردنی ھەڵەبجە بە ئەرکی خۆیان دەزانن و پێویستە ھەموویان ھەوڵبدەن ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بپارێزن و رێگەنەدەن جارێکی دیکە تاوان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دووبارەببێتەوە.

دواتر مەسرور بارزانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی پارێزگاکەی کرد و پێدانی یەکەم ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلی ھەڵەبجەی راگەیاند و پێشکەشی کەسێکی کرد، پاشان سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئیدارەی پارێزگاکە کۆبوونەوە.

ئازاد تۆفیق پارێزگاری ھەڵەبجە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بەشێک لە داھاتی گومرگی ھەڵەبجە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگاکە دابینبکرێن، وتیشی، بڕیاردرا بودجە بۆ چەند پڕۆژەیەکی رێگاوبان لە سنوری ھەڵەبجە دابینبکرێت و کۆلێژی پزیشکی لە پارێزگاکە بکرێتەوە.

ئازاد تۆفیق ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ٥٠٠ فەرمانبەر بۆ دامودەزگاکانی ھەڵەبجە دابمەزرێندرێن.

ھاوکات سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت بەردی بناغەی پڕۆژەی پردی تووەقوتیان دادەنێن. 

بودجەی پڕۆژەی پردی تووەقوت زیاتر لە سی ملیار دینارە  و پارێزگای ھەڵەبجە بە ئیدارەی گەرمیانەوە دەبەستێتەوە، درێژیی پردی تووەقوت نزیکەی ٣٥٠ مەتر دەبێت.

لە چوارچێوەی پڕۆژەکە رێگەی ھەڵەبجە - پردی تووەقوت - قلیجە قیرتاو دەکرێت.