وتەبێژی یەکێتی لەگەڵ کونسوڵی گشتی ڕوسیا لە ھەرێم کۆبووەوە
کوردسات نیوز
٢١ی شوباتی ٢٠٢٤
٣٢٧
لە دیدارێکی نێوان ھەردوولادا، سەعدی ئەحمەد پیرە، تیشکی خستە سەر رۆڵ و گرنگی رووسیا لە جیھان و ناوچەکە، ھیواشی خواست ئاستی پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێم و رووسیا لە سێکتەرە جیاوازەکاندا پتەوتربکرێت و پێشکەوتنی باشتر و زۆرتر بەخۆیەوە ببینێت.
ھەر لەو دیدارەدا، بارودۆخی سیاسی ناوچەکە بەگشتی و عیراق و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی تاوتوێکرا.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئاماژەی بە دوایین پێشھاتەکانی گۆرەپانی سیاسی عیراق و ناوچەکە کرد.
بەشێکی تری دیدارەکە بریتیبوو لە ھەڵسەنگاندنی ھاوکێشە سیاسی و سەربازی و ئابووریەکان لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و تێڕوانینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئایندەی ناوچەکە.
ماکسیم روبین کونسڵی گشتی کۆماری روسیای فیدڕاڵ روسیا لە ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بە روڵ و سەنگی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد لەسەر ئاستی ھەرێم و عیراق و ناوچەکە ھێزێکی سیاسی خاوەن پێگە و مێژوویەکی پڕ لە سەروەریە.
ماکسیم ڕوبین تەئکیدی کردەوە کە روسیا خوازیاری سەقامگیری سیاسی و گەشەسەندنی ئابووری و پێشکەوتنی زیاترە لە عیراق بە گشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، وتیشی؛ ئامادەی ھەموو ھەماھەنگیەکی سیاسی و ئابوورین.