پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حکومەتی ھەرێم رۆژی یەکشەممە بەرپرسیارێتی ھێرش و بۆردومانەکانی سەر ھەولێر و  برسیکردنی خەڵکی خستبووە ئەستۆی عێراق، بەو پێیەی بەوتەی ئەو گروپە ھێرشبەرەکان لە لایەن عێراقەوە بودجە و موچەیان پێدەدرێت و چەکدار دەکرێن.

لەبەرامبەردا باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند، لێدوانەکەی وتەبێژی حکومەتی ھەرێم تووشی سەرسوڕمانی کردون کە چەندین تۆمەتی نا واقعی ئاراستەکردوون بەتایبەتی کە نابەرپرسیارانە تۆمەتی برسیکردنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانی داوەتە پاڵ حکومەتی عێراق.

وتیشی، پەلەکردن لە بڕیاردان رەوشی سیاسی ئاڵۆزتر دەکات لەگەڵ سیاسەت و بەرنامە نیشتیمانییەکەی حکومەتی عێراق یەکناگرێتەوە، چونکە بەغداد پابەندە بە بەرگریکردن لە بەرژوەندی سەرجەم عێراقییەکان بەبێ جیاوازی و ئەرکی حکومەتی عێراقیشە پارێزگاری لە ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری سەرتاسەری وڵات بکات.

لەبارەی ھێرش و بۆردومانەکان، عەوادی ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتی عێراق رێکاری پێویستی گرتووەتەبەر بۆ لێکۆڵینەوە لە ھێرش و بۆردومانەکان، بەڵام لێدوانی لەو جۆرە دەبێتە ھۆی ئاڵۆزی دروستکردن بۆ لێکۆڵینەوەکان بەتایبەتی کە ھێزە ئەمنییەکان بە ھەماھەنگی حکومەتی ھەرێم لێکۆڵینەوە دەکەن و حکومەتی عێراقیش دژی ھەموو جۆرە ھێرش و بۆردومانێکە لە ھەرێمی کوردستان بێت یان شارەکانی تری عێراق و کاریش بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکان و رادەستکردنیان بەیاسا دەکات بۆئەوەی سزا بدرێن.