وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان درێژ دەکرێتەوە
کوردسات نیوز
٣٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
٦٧٥
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاند، وەک دەرفەتێک و رەخساندنی ھەلی زیاتر بۆ ھاووڵاتییان، پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان بۆ ماوەی مانگێکی تر درێژ دەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەکە بۆ ماوەی مانگێک و تا ١ی شوباتی ٢٠٢٤ درێژکراوەتەوە، ئەمەش وەک ھەلی زیاتر و کارئاسانی بۆ ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا بەھەر ھۆکارێک بێت دەرفەتیان لەبەردەستدا نەبووە فۆرمەکە پڕ بکەنەوە.
لە ٨ی ئابی ئەمساڵدا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پرۆسەی دابەشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبونی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان راگەیاند، کە زیاتر لە نۆ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونە و لە چوارچێوەی یاسای نیشتەجێبوندا دروستکراون، بەشێکیان تەواوکراون و بەشێکیان کارکردن تیایاندا بەردەوامە.