دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، بەھۆی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی تورکیا و دەریای ناوەڕاست شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی گرتووەتەوە، ئەوەش ئاستی دابارین زیاد دەکات.

وتیشی، پێشبینیدەکرێت شەپۆلەکە تا رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ھەفتەی داھاتوو بەردەوامبێت، پلەکانی گەرماش دادەبەزن، پێشبینیشدەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر ببارێت.

ھاوکات"ئاسۆ کەمال"بەرێوەبەری گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لەماوەی چەند سەعاتی رابردوودا ١١.٥ ملم لە سلێمانی بارانباریووە، کۆی گشتی بارانبارینی ئەمساڵیش گەیشتووەتە ٣٩.٨ ملم، ئەوەش بەراورد بە ساڵی رابردوو تا ئەمکاتە  ٢٤ ملم باران تۆمارکرابوو.