کەشناسی ھەرێم: سبەینێ شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکات
کوردسات نیوز
١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
٢٢١
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سبەینێ نزمەپاڵەپەستۆیەک لە تورکیا و دەریای سوورەوە کاریگەری لەسەر کەشی ھەرێم دەبێت و ئاسمان بەدێژایی کاتەکان ھەوردەبێت لەگەڵ بارانبارین لەسەر ناوچە جیاجیاکانی ھەرێم.
کەشناسی دەشڵێت، ئاستی دابارین لەسەر بەشەکانی باشووری ھەرێم بەتایبەت سنووری پارێگای ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و سنووری پارێزگای کەرکوک ئاستی دابارینی زیاترە و لەسەر لوتکەی ناوچە شاخاوییە سنورییە بەرزەکانیش ئەگەری بەفر بارین ھەیە.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، خێرایی با زیاددەکات و پلەکانی گەرما شەش بۆ ھەشت پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە، بە جۆرێک بەرزترین پلەی گەرما لە کەرکوک تۆماردەکرێت کە ٢٠ پلەی سیلیزییە و نزمترین پلەش لە حاجی ئۆمەران دەبێت کە نۆ پلەی سیلیزییە.