ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ئاشکرایکرد، لە کۆنفرانسی ساڵانەی شارە داھێنەرە ئەدەبییەکانی یونسکۆ لە جیھاندا، سلێمانی لەگەڵ ھەر یەک لە شارەکانی سیاتڵ لە ئەمریکاو ئیدنبرە لە سکۆتلاندەدا، لە بواری باش بەڕێوەبردن و چالاکییەکاندا، بوونەتە یەکەمی شارە داھێنەرە ئەدەبییەکانی جیھان و لە رۆژی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا ئەزموونی خۆیان پێشکەش بە شارە بەشداربووەکان کرد.

وتیشی، ژووری سلێمانی بە یەکێک لە چالاکترین و پڕ پەیوەندیترین ژووری تۆڕەکە ناسێندرا، کە توانیویەتی لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە بە شێوەگەلێکی زۆر باش کاربکات و کاری ھاوبەش لەگەڵ زۆربەی ژوورەکانی شارە داھێنەرە ئەدەبییەکانی جیھان رێکبخات.

بەوتەی ھەڤاڵ ئەبوبەکر، سلێمانی تەنھا شاری کوردستان و عێراق و ناوچەکەبووە، کە بەشداریی لەو دیدارە جیھانییەدا کردوەو بەرھەم و کایەی ئەدەب و کولتوری کوردستانی خستوەتە سەر نەخشەو ناو کارنامەی رێکخراوی یونسکۆو ھەموو جیھانەوە.