وەزارەتی پەروەردە: داواکارین ھەرچی زووترە خوێندن لەو ناوچانە دەستپێبکرێتەوە کە بایکۆتی تێدایە
کوردسات نیوز
٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣
١٬١٢٦
ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت بە بەردەوامی بایکۆتی دەوامی مامۆستایان رایگەیاند، مووچە مافێکی بنەڕەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانە، ھەموو لایەکیش رەوشی دارایی ئێستای کوردستان و ھۆکارەکانی دروستبوونی ئەو رەوشە دەزانن.
دەشڵێت، زیاتر لە دوو ھەفتەیە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکردووە، لە ھەندێک ناوچە دەوام نەکراوە، داواش لە مامۆستایان دەکات ھەرچی زووترە دەستبە پرۆسەی پەروەردە و فێربوون لەو ناوچانە بکرێتەوە، چونکە دەرئەنجامەکانی بایکۆت لە ساڵانی ڕابردوو زیانی ھەبووە و ھیچ بوارێکیش نییە گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندن بکرێت.
وەزارەتەکە ھەروەھا ھەموو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکاتەوە، بە زووترین کات دەستبکرێتەوە بە دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن.