سەرکەوت زەکی: کۆنگرەی داھاتوو دەبێتە بنیاتنانەوەی یەکێتی و ھێمای تێپەڕاندنی ئاستەنگی ناوخۆیی
کوردسات نیوز
٢٦ی ئابی ٢٠٢٣
٣٬٩٠٥
بەرەو کۆنگرەی پێنجەمیین
پێدەچێت ساڵی (٢٠٢٣) ساڵی وەرچەرخان و بنیاتنانەوە گرنگەکانی یەکیێتی نیشتیمانی کوردستان بن، نەک بڕیاردان بگرە تەنھا بیرکردنەوەش لەبەستنی پێنجەمین کۆنگرە ، دەربڕینی بوێرییەکی شۆڕشگێڕانەی یەکێتییانەیە، ھەمان ئەو بوێری و ئازایەتیەیە کەسەرۆک مام جەلال لە ڕۆژانی ھەرەسدا یەکێتی پێ دروستکردوو و ھەمان ئەو ھزر و نەترسیەیە کە شۆڕشێکی نوێی پێ ھەڵگیرساند.
لە مێژوی خۆیدا، یەکێتی ھێزێکی داھێنەری بە جورئەتی شۆڕش بووە، ھەر ئەمەش لە (١٦) ساڵی تەمەنی کاری ڕێکخراوەییدا گەیاندییە لوتکەی سەرکەوتن ، بەڵام بێگومان ھێزێکی بێ ھەڵەی بێ کەمتەرخەمیش نەبووە، بۆیە ھەر کاتێک جڵەوی ڕەوتە شۆڕشگێڕییەکەی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوە شل کردبێت، زیانی بە خۆی و ڕەوتە سیاسیەکەی و بە کۆمەڵگە و ئاستە جیاوازەکانی بەرەوپێشبردنیشی گەیاندووە.
ساڵانێکی کەمە، دوای تەمەنێک لە داکشان، ھەنگاوەکانی بەرەو چاکسازی نێوخۆیی، خۆتوندکردنەوەو و نوێبوونەوە دەنێت، بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی ھەم خۆی گرفتار کردوو ھەم کۆمەڵی کوردەواریشی توشی ئاستەنگ کرد.
لەچوارچێوەی وتارێکدا نامەوێت ئاوڕ لە تەواوی ئەوبڕگە و جومگانە بدەمەوە کە ئەستەمە لە دوو توێی دوو کەوانەدا وەک مێژوو بیان نووسمەوە، بەڵام بەلامەوە گرنگە ئەوە بڵێم ھەرکاتێک (ی.ن.ک) لە ڕیفۆرمی نێوخۆی و سیاسەتی جەماوەری دروست و ڕەوتی شۆڕشگێڕانە دوور کەوتبێتەوە، بە دیوێکی تردا جڵەوەکەی بۆ ڕەوتی کۆنسەر ڤاتیستی ناو کۆمەڵ شلکردبێت، ھەمووان پێکەوە باجی گەورەمان داوە بۆیە لە ساتە وەختێکدا، لەبەر دەم دوو ھەڵبژاردن و کێشە گەورەکانی عێراق و ھەرێم داین، بڕیاری بەستنی کۆنگرە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ بوێرییەکانی چرکە ساتەکانی بڕیاردان لە دامەزراندنی یەکیێتی نیشتیمانی کوردستان و ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ.
ئەمان گەیەنێتەوە ئەو بڕوایەی کە یەکێتی ھێزی ئیرادەی خەڵک و ھێزی بڕیارە قورسەکانە. یەکێتییەکان حیزبەکەیان وەک کەرەستەیەک بۆ سەرخستنی قەزیە گەورەکەیان دەوێت و بۆ ئەوە قوربانیش دەدەن و ڕیفۆرم دەکەن و بڕیاری شۆڕشگێڕانەیان پێدەدرێت.
ھەموو پێشبینی و خوێندنەوەکان، بەو ئاڕاستەیەن ئەم کۆنگرەیە دەبێتە کۆنگرەی بنیاتنانەوەی یەکێتی و دەبێتە ھێمای تێپەڕاندنی ئاستەنگی ناوخۆیی و ڕووکردنەوە خەڵک و جەماوەر، ئیتر بەھەموو لایەک دەڵێت یەکێتی قۆناغی داکشانی خۆی تێپەڕاند، ھەرچەندە ئەوە دوو ساڵێکە لەسەر ڕاستە ڕێگاکە ھەنگاو دەنێت، بەڵام ھەنگاوەکانی ھەستانەوە و ڕوو لە ھەوراز کردن و سەرکەوتنەوەی خۆی بەم کۆنگرەیە خێراتر دەکات، پێکەوە بنیاتنانەوە و ھەستانەوە بۆ خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک دەست پێدەکاتەوە.
سەرکەوت زەکی
لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان