سزای بكوژی خواناس وریا لە زیندانی هەتاهەتاییەوە بۆ لەسێدارەدان گۆڕدرا
لاوان
٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢٥
دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، سزای بكوژی خواناس وریا گەنجە شانۆكارەكەی قەزای چەمچەماڵ لە زیندانی هەتاهەتاییەوە بۆ لەسێدارەدان گۆڕی.
سەرچاوەیەك لە كەسوكاری خواناس وریا بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەر داوای خۆیان، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوەی بۆ دۆسییەی كوشتنی خواناس وریا كردووە و سەرەنجام، ماددەی سزادانی بكوژی خواناسی لە تیرۆرەوە گۆڕاوە بۆ كوشتن، بەوپێیەی بكوژ لەكاتی رۆژدا و بە بەرچاوی هاووڵاتیانەوە تاوانەكەی ئەنجامداوە، بەوهۆیەشەوە سزای ناوبراو لە زیندانی هەتاهەتاییەوە گۆڕدراوە بۆ لەسێدارەدان.
ئەوەشی خستەڕوو، بە پشتبەستن بە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە، دادگای سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە سزای بكوژی خواناس لە زیندانی هەتاهەتاییەوە دەگۆڕن بۆ لەسێدارەدان.
ئێوارەی رۆژی ٢٢ـی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، خواناس وریا كە گەنجێكی شانۆكاری تەمەن ٢٥ ساڵ بوو، لەناوبازاڕی قەزای چەمچەماڵ، لەلایەن ماتۆڕسوارێكەوە دەسترێژی گولـلەی لێكراو و كوژرا، دواتریش لە ماوەیەكی كەمدا بكوژەكەی دەستگیركرا.