لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردووەتەوە ھەرێمی کوردستان بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ‏دەڕوانێت، کە بەرژەوەندیی ھاوبەشی ئابوری و بازرگانی و ئەمنی پێکەوە ‏دەیانبەستێتەوە و ئامادەیە لە ھەموو بوارەکاندا برەو بە پەیوەندییەکانی ھەولێر و ‏ئەنقەرە بدات، ھەروەھا ئاماژەی بەوەکرد، ھەرێمی ‏کوردستان ھەرگیز پشتگیری و ھاوکارییەکانی تورکیا لەبیر ناکات.‏

وەزیری دەرەوەی تورکیاش جەختیکردەوە لەوەی، تورکیا ‏گرنگییەکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەدات و ‏بەغداد و ھەرێم گرنگییەکی تایبەتیان بۆ تورکیا ھەیە. ھەروەھا ستایشی ئارامی و ‏سەقامگیریی ھەولێر و ھەرێمی کوردستانی کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ‏فراوانکردنی پەیوەندییەکان لە ھەموو ‏بوارەکاندا دەربڕی.

سەرۆکایەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەبایەخەوە باس لە ھەناردەکردنەوەی ‏نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکییەوە کرا و ‏ بیروڕایان لەو بارەیەوە گۆڕیوەتەوە.