بنەماڵەی شەھید نیاز دەرگەڵەیی سوپاسنامەیەک بڵاودەکەنەوە
کوردسات نیوز
٢٢ی ئابی ٢٠٢٣
٦٬٧٦٣
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ھاونیشتمانییانی ئازیز
لە بەرامبەر ئەو پەرۆشییە گەورەیەی کوردستانیانی ئازیز لە ھەر چوار پارچەی کوردستان و تەواوی وڵاتانی دونیا و باشووری کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراق، کە بەشدارییەکی گەورە و بێ وێنەیان لەگەڵدا کردین، لە یەکەم ساتی بڵاوبوونەوەی ھەواڵی تیرۆرکردنی شەھید نیاز دەرگەڵەیی، کە لەگەڵماندا بوون و لە مەراسیمی بەخاکسپاردن و رۆژانی مەراسیمی پرسەدا ئەرک و زەحمەتی زۆریان لەگەڵ کێشاین، ھەر بۆیە بە پێویستی دەزانین، کە بەناوی بنەماڵەکەمانەوە لە کانگای دڵمانەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان بەھەموو لایەک ڕابگەیەنین.
دەمانەوێ سوپاستان بکەین و منەتباریی خۆمانتان پێڕاگەیەنین، دەمانەوێ پێتان بڵێین، خوێنی بە ناحەق ڕژاوی کوڕە تیرۆرکراوەکەمان، دەکەینە گەورەترین وەفا و پاداشت بۆ دڵسۆزیتان.
سوپاسی سەرجەم ھاووڵاتی و خزم و دۆست و ناسیاوەکانمان دەکەین، ئەوانەی ڕێگای دووریان بڕی و ئەوانەش لە دەڤەری ڕاپەڕین بە بەردەوامی لەگەڵماندا مانەوە و بۆ ساتێکیش جێیان نەھێشتین.
سوپاس بۆ جەنابی کاک کۆسرەت ڕەسول عەلی کاک بافڵ تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و تەواوی ئۆرگانەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.
سوپاسی تایبەت بۆ مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕینی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، کە بەرپرسی مەڵبەند و تەواوی ستافی مەڵبەند ئەرکێکی زۆریان لەگەڵمان کێشاوە.
سوپاس بۆ مەڵبەندی ٦ی سۆران و بەرپرسی مەڵبەند، کە ئەرکیان لەگەڵماندا کێشا.
سوپاس بۆ بەڕێز کاک محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیستی کوردستان، کە وەک ھەمیشە ھاوخەممان بوو.
سوپاس بۆ ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و قائیمقامیەت و تەواوی دامودەزگا حکومی و حزبییەکانی ناوچەکە.
سوپاس بۆ ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و دژە تیرۆر و کۆماندۆ و پێشمەرگە و پۆلیسی ھاتوچۆ.
سوپاس بۆ تەواوی ئازیزانمان لە ھاوشارییانی ڕانیە و شارو شارۆچکە و گوندەکانی دەڤەری ڕاپەڕین، کە بەشدارێکی سەرەکی بوون لە پرسەکەماندا و داوای لێبوردنیشیان لێدەکەین، کە بەھۆی جەنجاڵی پرسەکەمانەوە بوینە مایەی پەککەوتنی ھاتوچۆو و دروستبوونی جەنجاڵییەکی زۆر لە شەقام و کۆڵانەکانی شاردا.
سوپاسی تایبەت بۆ خەڵکە خزمدۆست و میواندۆست و باوەشگرەوەی غەریبان، لە ناحیەی سەرکەپکان، کە ئەو خەڵکە ئازیزەی سەرکەپکان نزیکەی چل ساڵە باوەشی میھرەبانییان بۆ خۆمان و بۆ گۆڕی ئازیزانمان کردۆتەوە.
سوپاس بۆ تەواوی سەرۆک عەشیرەت و عەشیرەتەکانی کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراق، کە زۆر بە پەرۆشەوە بەشداری خەمی قوڵی ئێمەیان کرد.
سوپاس بۆ ھەموو ئەو بەڕێزانەی بە ڕێگای تەلەفۆن و نامە و سۆشیال میدیا ھاوخەمی و پرسەیان بە ئێمە گەیاند.
سوپاس بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ئەو دەزگایانەی لە ڕووماڵی ڕووداوی تیرۆرکردنەکە و مەراسیمی بە خاکسپاردن و پرسەکەدا، زۆر پیشەییانە ڕووماڵیان کرد و دەنگی ئێمەیان بە دونیا گەیاند.
لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە، ئێمە لە کاروانی خزمەتکردنی ھاووڵاتییان و خەڵکی ئازیزی کوردستانی گەورە بەردەوام دەبین و نەوە دوای نەوەمان ھەر بەو نەفەسە بەردەوام دەبن، کە شەھید نیاز ھەمیشە خۆی بە خزمەتکاری سەرجەم چین و توێژەکان دەزانی، بۆیە نەوەکانی دوای ئەویش دریژەپێدەری ھەمان ڕێباز دەبن و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەرک و ئامانجیان دەبێت.
ھیوادارین، ھەموو لایەکتان ساغ و تەمەن درێژ بن و ناخۆشی نەبینن.
لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیمان بۆ ھەموو لایەکتان.
بنەماڵەی شەھید نیاز دەرگەڵەیی
٢٠٢٣/٨/٢٢