شیوا قاسمی پور دوای بەسەرکردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، رەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبردنی مەرزەکە گرت و رایگەیاند، بەپێی ئەو راپۆرت و ئامارانەی بەدەستیان گەیشتووە، ئاڵۆزی لەبواری ھەناردەکردنی کاڵا لە دەروازەی باشماخ ھەیە و ھەندێک لە کاڵا خۆراکییەکان بەنایاسایی دەبرێنە درەوە و ئەوەش پێویستی بە رێکخستنەوە ھەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی رێکخستنەوەی مەرزی باشماخ و ئەو کارانەی لەلایەن خزمەتگوزاری گومرگی ئێران لە مەرزەکە ئەنجام دراون، بەپێی پێویست نەبووە و دەبێت لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی سنە لە پەرلەمانی ئێران بە پێویستیشی زانی، دەزگاکانی جێبەجێکاری پارێزگای سنە، گرنگی زیاتر بە رەخساندنی ھەلی کار و دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ گەنجانی مەریوان و دەوروبەری لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بدەن.