بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پێناو بەرژەوەندی و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی جوتیاران و بە مەبەستی دابین کردنی بنەتۆی گەنم لە تەرزی بەبڕشتی خۆماڵی، بڕیاردرا بە دابەزاندنی نرخی بنەتۆ بۆ(٥٣٠٫٠٠٠) پێنج سەد و سی ھەزار دینار بۆ ھەر تەنێک، کە بە بەراوردی ئەم نرخە لە بازاڕەکانی جیھان و کوردستان لەسەرووی (١٫٠٠٠٫٠٠٠) یەک ملیۆن دینارە.


وتیشی، ئەم بڕیارە بە چاودێری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە چوارچێوەی پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکاری قەیوان و خۆشناو جێبەجێ دەکرێت و جوتیاران دەتوانن لە ئێستادا بە نرخی دیاری کراوی سەرەوە ھەرزانتر لە نرخی بازاڕەکان بنەتۆی گەنم بەردەست بکەن، بە کوالێتی بەرز و بەبڕشت و تەرزی خۆماڵی، بەو ڕێژەیەی کە بەرھەم ھێنراوە لە ساڵی پاردا.