لەبارەی لەدەستدانی ئەندامێتیش ئاماژە بەوەکراوە، بەپێی ماددەی ١١ی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی ئەندامێتی لەدەست دەدرێت بەھۆی ناپاکی سیاسی، نیشتمانی، نەتەوەیی، حزبی، کارکردن بۆ پارتەکانی تر لەکاتی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنە گشتییەکاندا.
سزادانیش بەپێی ماددەی ١٢ی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بریتین لە ئاگادارکردنەوە، سەرنجڕاکێشان، ھەڵپەساردن، پلە داگرتن، لەگەڵاَ دەرکردن لەبەر چەند ھۆکارێک، لەوانە لەپەیڕەو و پڕۆگرام لابدات، کار دژ بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان بکات، کار دژ بە سیاسەتی یەکێتی بکات و ھەوڵی تێکدانی ریزەکانی بدات، پێگە حزبییەکەی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاربھێنێت، بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بخاتە سەروی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، درکاندنی نھێنییەکان لە سۆشیاڵ میدیا و کەناڵەکانی راگەیاندن و ھەر شوێنێکی ترکە زیان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی بگەیەنێت، کار دژ بە پاڵێوراوان و بەرنامەی یەکێتی لەکاتی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردندا بکات.
ئەرک و دەسەڵاتەکانی ھاوسەرۆکیش بەپێی ماددەی ٣٧ بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیار و سیاسەتەکانی یەکێتی، بەپێی ماددەی ٧٠ش ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و کادیرانی پێشکەوتوو نابێت دەسەڵاتی حزبی بۆ ھیچ چالاکییەکی بازرگانی و ئابووری بەشێوەی تاک یان ھاوبەش بۆخۆیان یان کەسی نزیکیان بەکاربھێنن.