بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی کارەبای ھەرێم، کەمال محەمەد وەزیری کارەبا فەرمانێکی کارگێڕی بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری لێخۆشبوونی لە ١٥%ی قەرزی کارەبا بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کارەبا دەرکردووە و داوا دەکات فەرمانگەکانی کارەبا بە داشکاندنی لە ١٥% قەرزی کارەبا لە ھاوڵاتیان و ھاوبەشان وەربگرن. ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەو ھاوبەشانەی کە پارەی کارەبا قەرزارن و قەرزەکانیان کەڵەکە بووە، دەتوانن لە ماوەی دوو مانگی کۆتایی ئەمساڵ بە مەبەستی دانەوەی قەرزەکانیان سەردانی فەرمانگەکانی کارەبا بکەن. لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ٧٠٠ ھەزار ھاوبەشی کارەبا ھەیە و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بەھۆی قەیرانی دارایی و لێبڕین و پاشەکەوتی مووچە ھاوڵاتیان نەیانتوانی بەپێی پێویست قەرزەکانیان بدەنەوە و بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز ھاوڵاتیان و ھاوبەشانی تر یەک ترلیۆن و ٣٢٤ ملیار دینار پارەی کارەبا قەرزارن.

=