مەکتەبی سیاسی یەکێتیی پیرۆزبایی بەستنی حەوتەمین گۆنگرەی حزبی شیوعی کوردستان دەکات
٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١
٧٦٨
دەقی پەیامەکە:
زۆر بەڕێز کاوە مەحمود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان
بەڕێزان مەکتەبی سیاسی و کادیر و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرکەتان
سڵاوێکی گەرم ...
بەبۆنەی بەستنی حەوتەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی کوردستان، گەرمترین پیرۆزباییتان لێی دەکەین ئومێدی سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازین، بەخۆداچونەوەو گۆڕانکاری و دانانی بەرنامەی نوێ داخوازی سەردەمەکەیە لە پێناو بەدیھێنانی مافە نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموکراسیەکاندا و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی ئاسوودە و بەختەوەر بۆ گەلەکەمان.
بەو بۆنەیەوە جەخت دەکەینەوە لە سەر پتەوکردنی پەیوەندی دۆستایەتی بە ھێزی نێوانمان و سوور بوون لە پێناو پتەوکردنی بنەماکانی خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریەکان و بەدیھێنانی ماف و خواست و ئامانجە نیشتمانیی و دیموکراسیەکانی گەلانی عێراق.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شانازی بە دۆستایەتی و ھاوخەباتی حزبی شیوعی دەکات، ھیوادارین پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکانمان بدەین و بیخەینە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و عێراقەوە.
ئەمڕۆ کوردستان و عێراق بە ھەلومەرجێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، تەبایی و ھەماھەنگی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و عێراق، پێویستییەکی گرنگی قۆناغەکەیە، ئاواتەخوازین بەستنی کۆنگرەکەتان ھەوێنی زیاتر یەکڕیزیی و تەبایی نێوان حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بێت، لە پێناوی ھێنانەدی تەواوی مافەکانی گەلانی کوردستان و عێراق.
دووبارە پیرۆزبایی بەستنی کونگرەکەتان لێی دەکەین.
درود بۆخوێنی پاکی شەھیدان، سەربەرز و سەرفراز بن...
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٠٢١/١٠/٢٧