لە چوارچێوەی ئامادەسازی بۆ گۆڕانکاری و  پێشھاتەکانی قۆناغی داھاتووی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، وەفدی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ھاوپەیمانی نیشتمانی بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی  یەکێتی نیشتمانی کوردستان  و ئارام قادر سەرۆکی ھاوپەیمانی نیشتمانی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوەو رێککەوتن لەسەر چەند تەوەرێکی گرنگ و پەیوەند بە خەڵکی  کوردستان و عێراق، ھاوکات پشتگیری و داکۆکیکردن لە پرۆسەی چاکسازی لەسەرجەم جومگەو پێگە ئیداریی و سیاسییەکان.


ھەردوولا رێککەوتن لەسەر راگۆڕینەوە و ھەماھەنگی لە پرسە سیاسییەکانی جێگەی بایەخی ھەردولا .


ھەروەھا رێککەوتن لەسەر کارکردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردن و جەختکردنەوە لەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و سەرخستنی دڵسۆزانی خەڵکی کوردستان  و فراوانکردنی چەتری ھاوپەیمانی لە داھاتوودا.


تەوەرێکی تری رێککەوتنەکە جەختکردنەوە بوو لەسەر کارکردن بۆ بونیادنانی سیستمێکی سیاسی ھاوچەرخ لەسەر بنەمای دادپەروەری و زامنکردنی مافەکانی مرۆڤ.