"کامیل قەزاز"بریکاری وەزارەتی کارەبا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕۆژانە ژمارەی ھاوبەشانی کارەبا زیاتر دەبێت، لە ساڵی ٢٠١٧ تا ئێستا ٢٠٠ ھەزار ھاوبەش زیادبووە و لە ملیۆنێک و ٥٠٠ ھاوبەشەوە گەیشتۆتە ملیۆنێک و ٧٠٠ ھاوبەش.
سەبارەت بە قەرزی ھاوبەشانی کارەباش ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، چەند پێشنیارێک بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی کارەبا کراوە، یەکێک لەوانە پێشنیاری ئەنجومەنی پارێزگاکانە،کە لە پارەی پاشەکەوتی مووچە لە حساب بانکییەکان وەربگیرێتەوە،  پێشنیارێکی تریش قیستی درێژخایەنە، بەڵام تا ئێستا ھیچ بڕیارێکی رەسمی لەبارەی قەرزەکانەوە نەدراوە.
راشیگەیاند، ئەو ھاوبەشانەی کارەبا کە کرێی کارەبا قەرزدارن، دەتوانن بە سەردانکردنی فەرمانگەکانی کارەبا قەرزەکانیان بە قیست بدەنەوە، بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کارەباش دەسەڵاتیان ھەیە قەرزەکانی ھاوبەشانی کارەبا بکەن بە ١٢ قیست.