بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ کۆڵۆنێل ئەشیڵ، لێپرسراوی ھێزەکانی فەڕەنسا لە عێراق و سوریا و کۆڵۆنێڵ فڕانچ، جێگرەوەی داھاتووی کۆبۆوەو پێشھاتە سیاسی و ئەمنییەکان بەگشتی و ھەماھەنگی و ھاریکاری نێوان ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان و ھاوپەیمانان تاوتوێ کران و  جەخت لە مەترسی جموجوڵەکانی پاشماوەی تیرۆریستان کرایەوە و ھەماھەنگی و ھاوکاری ھەموو ھێزەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەیان بە پێویست زانرا.
لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی دووپاتی لەبەردەوامی ھاریکاری و ھەماھەنگی زیاتری لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان کردەوە لەپێناو سەقامگیری سیاسی و ئاسایش لەناوچەکە.
لەبارەی دۆخی ناوخۆی حیزبیش بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، لەمەودوا رێڕەوی رێکخراوەیی بەڕێگایەکی تەندروستدا تێدەپەڕێت و بەھیچ شێوەیەک رێگەنادرێت ھێزەکانی یەکێتی کە ھێزی نیشتمانی و جێی متمانەی ھەموولایەکن بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندی تایبەت بەکاربھێنرێت. دەبێت لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و رێنماییەکاندا ئەرکە سەربازییەکانیان رابپەڕێنن و کارەکانیان لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا بێت. لەو چوارچێوەیەشدا ھاوکاری زیاتری ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەبین لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە.