مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە یادەوەری کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی پەیامێکی بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
٢ی ئابی ٢٠٢١
١٬٧١١
دەقی پەیامەکە :
لە (٣)ی ئابی ساڵی (٢٠١٤) و رۆژانی دواتر، رێکخراوی تیرۆرستی داعش، بەشێوەیەکی دڕندانە، پەلاماری کۆمەڵانی خەڵکی شەنگالیانداو تاوانی گەورەی جینۆسایدین دژی کۆمەڵگەی دێرین و رەسەنی کوردانی ئێزدی ئەنجامدا لە ئەنجامی ئەو کۆمەڵکوژییە گەورەیە بەشێوەی تاوانی رێکخراو، ھۆڤیانەو دڕندانەی کۆنینەو نوێ، ژنان و پیاوانی ئێزدی لێکجیاکرانەوە، بە بەرچاوی کۆمەڵگەی مۆدێرنی مرۆڤایەتییەوە، بازاڕی کۆیلایەتی و شەرمەزاری فرۆشتن و بازرگانی جەستەیان پێ زیندووکرایەوە. لەو تاوانە دژە نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆییەدا، کە بەپێی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، دەچێتە خانەی تاوانی جینۆسایدەوە، ھەزاران ھاووڵاتی مەدەنی ئێزدی کۆمەڵکوژو بەھەزارانی تریش بێسەروشوێن کران، ژنانی سەربەرز و رووسوری ئێزدیش، سەرقافلەی زیانلێکەوتوانی ئەو تاوانە بوون.
بەدرێژایی مێژوو کوردانی ئێزدی بە ھۆی بنەچەی ئاینییو نەتەوەییانەوە، دەیانجار روبەڕووی فەرمانی پاکتاو و جینۆساید و دەربەدەری بوونەتەوە، لەپشت ھەریەک لەو تاوان و فەرمانانەوە، عەقڵیەتێکی دواکەوتووی ڕەگەزپەرستانە ھەبووە، بەڵام کۆمەڵگەی ژیاندۆستی ئێزدی بە خۆراگری و ئیرادەی بەھێزەوە، وەک خەڵکێکی رەسەن توانیویانە سەربەرزانە بمێننەوە. بۆ ئێستاش پێویستییەکی کوردستانی و عێراقی و ئینسانییە کار و کۆششیان بۆ بکرێ تا بەسەر ئاسەواری دوا تاوانی دژیان سەربکەون و ژیان و بوژاندنەوە و ئاوەدانی دەڤەرەکەیان ببێتە ئەجیندای پەرۆشی داھاتووی ھەموو ھێزە سیاسییەکان.
لەیادی تێپەربوونی حەوت ساڵ بەسەر ئەم تاوانەدا، جارێکی تر سەرکۆنەی ئەم کۆمەڵکوژییە و ئەم لەکە پڕ شەرمەزارییەی داعش و رەفتار داعشییەکان دەکەینەوە و سەری رێزو نەوازش لە ئاستی گڵکۆی ھەموو شەھیدان و قوربانییەکان دادەنەوێنین و سڵاوی خۆڕاگری بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان دەنێرین .
کەسوکاری سەربەرزی شەھیدانی ئێزدی... لەکاتێکدا یادی جینۆسایدی ئێزدییەکان دەکەینەوە، پرسی کۆمەڵکوژییەکانی خەڵکی شەنگال ھەر لە ئاستی خۆیو فەرامۆشکردندا ماوەتەوەو لەسایەی نەبوونی ئاوڕدانەوەیەکی جددی، رێژەیەکی زۆر لە کوڕانو کچانی ئێزدی بە ناچاریی زێدی خۆیان بەجێھێشتووەو پەراگەندەی وڵاتانی جیھان بوون، ئەوە سەرباری ئەوەی تائێستاش قەرەبووی زیانە گیانیو ماددییەکانی کەسوکاری قوربانیان نەکراوەتەوە، ئەگەرچی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەستپێشخەریی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرۆژە یاسای (قەرەبووکردنەوەی ژنانی رزگاربووی دەستی داعش)ی پێشکەشکردو ئەمساڵ لە رۆژی (٨)ی مارس پەسەندکرا، بەڵام ھێشتاش حکومەتی عیراق ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ئەو یاسایە، لە ھەمانکاتدا پەرلەمانی چەند وڵاتێکی ئەوروپا ئەو تاوانەیان وەک جینۆساید ناساندووە، ھەموو ئەوانەش پێکەوە دەکرێت بخرێنە خزمەت ژیانو پاراستنی ئێزدییەکان لەداھاتوودا.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک ھەمیشە کوردانی ئێزدی بە پارچەیەکی دانەبڕاوو سەرەکیو رەسەنی پێکھاتەی کوردستانو بزووتنەوەی رزگاری کوردستانی دادەنێو بۆ ھەمیشەش پشتیوانی مافەکانیان دەکات و جەخت لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی ئەو یاساو ڕێسا و بەڵێنانە دەکاتەوە کە بۆ قەرەبوکردنەوەی کوردانی ئێزدی دراون و دەرچوون .
ـ لەم بیرەوەرییە تاڵەدا ، سڵاو لە گڵکۆی شەھیدانی جینۆسایدی ئێزدییەکان و ھەموو شەھیدانی کوردستان.
ـ نەفرەت لە تاوانکاران و تیرۆریستان.